|
گشتمان چاوه‌ڕوانین
ئه‌بووبه‌كر موده‌ڕه‌سی چاوه‌ڕوانی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیانه‌كراوه‌ی به‌شه‌رییه، به راستی ده‌كرێ تاكێك له‌رووی ئه‌و سه‌ر گۆی زه‌وییه په‌یدا بكه‌ی كه ئاره‌زووی گه‌وره‌ی هه‌بێت‌و چاوه‌ڕوان نه‌بێت؟ چاوه‌ڕوانی بۆ هاتنی هه‌لومه‌رجێكی له‌بار بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی ئاواته‌كانتی تێدا وه‌دی بێنی؟ چاوه‌ڕوانی ئه‌وانه وا له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕیان، به هۆی خه‌بات بۆ ئامانجی مه‌زن شاربه‌ده‌ركراون، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لێكی له بار بڕخسێ‌و بگه‌ڕێنه‌وه ناو خه‌ڵكه‌كه‌یان‌و شار‌و گونده‌كانیان. چاوه‌ڕوانی خه‌باتكارانێك كه ساڵه‌هایه خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دۆخێكی له بار بێته پێشێ و بتوانن گورزی ئاخرو كوشه‌نده له زاڵمان‌و داپڵۆسێنه‌رانی خه‌ڵك بوه‌شێنن و تام و به‌رامی شیرینی سه‌ركه‌وتن بچێژن. ئایا به راستی ده‌كرێ‌و یان حه‌قه تانه‌و لۆمه‌ی ئه‌و كه‌سانه بكرێ به هۆی ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه‌وه؟
نه‌ته‌وه‌ی كورد له كوردستانی رۆژهه‌ڵات ده‌مێكه بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستی بۆ به ده‌ستهێنانی مافی دیاری كردنی چاره‌نووسی خۆی خه‌بات ده‌كاو له‌و رێگایه‌وه قوربانی زۆری داوه. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا به ئاگایه كه ته‌نیا به هێزی خۆی هه‌ر چه‌نده‌ش خۆبه‌خشی بكات، ناتوانێ پێشمه‌رجی سه‌ركه‌وتنی خۆی كه بریتی بێت له رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی ره‌شی كۆماری ئیسلامی، وه‌دی بێنێ. كاردانه‌وه‌ی ئه‌و زانسته خۆڕسكه له ناو گه‌لی كورد به گشتی‌و لێكدانه‌وه‌ی ئاگایانه‌ی هه‌ل‌ومه‌رجه‌كه له لایه‌ن هێزی سیاسی پێشه‌نگ، لێره‌دا كۆمه‌ڵه، وا ده‌كات كه بۆ چوونه مه‌یدانی جه‌نگی ته‌واو عه‌یار له دژی كۆماری ئیسلامی، سه‌رجه‌م چاوه‌ڕوانی بارودۆخی له‌بار و گونجاو بن. به‌ڵام ئه‌وه چاوه‌ڕوانییه‌كی پێویست و له هه‌مان كاتدا چالاكه. له‌و چاوه‌ڕوانییه‌دا نه خه‌ڵك و نه هێزی سیاسی پێشڕه‌و ده‌ست له سه‌ر ده‌ست دانانێن. به پێچه‌وانه تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆیان بكرێ‌و له پێكهێنان‌و نیزیك كردنه‌وه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه تێده‌كۆشن. خوێندكارانی كورد له تاران و شاره گه‌وره‌كانی دیكه‌ی ئێران له‌چالاكترین‌و هه‌ڵسووڕاوترین خوێندكارانن له جوڵانه‌وه‌كانی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ناوه‌ند. كرێكارانی وشیاری كوردیش هه‌ر به‌و جۆره چ له رابردوو له كاتی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و چ كۆماری ئیسلامی، شان به شانی كرێكارانی باقی ئێران هه‌وڵیان داوه‌و زۆر جار له ریزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتی سنفی و سیاسی بوون. ئه‌گه‌ر له‌دێرزه‌مه‌نه‌وه باو بوو بڵێین كوردستان بۆ راپه‌ڕین چاویان له تاران و ته‌ورێز بووه، ئه‌و چاولێبوونه ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بووه. به نیسبه‌ت هێزی سیاسی رابه‌ری بزووتنه‌وه واته كۆمه‌ڵه، هه‌ر به‌و جۆره‌یه. چالاكی كۆمه‌ڵه له ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی به‌رفراوانی دێموكراسیخوازی خۆی به‌شێكه له كاریگه‌ریدانان له سه‌ر ئه‌و بارودۆخه له باره كه هه‌ر هه‌موومان چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ین.
پێكهاتنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه له باره ته‌نیا به فاكته‌ره ناوخۆییه‌كانه‌وه گرێنه‌دراوه، فاكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كانیش ده‌وری گه‌وره‌و بگره جاری واش هه‌یه دیاریكه‌ر ده‌بینن هاتنه سه‌ر كاری جیمی كارتێری دێمۆكرات و به‌رنامه‌ی شل كردنه‌وه‌ی پێچ‌و مۆره‌كانی دیكتاتۆرییه‌تی پاشایه‌تی، له ئێرانی ده‌یه‌ی په‌نجا، ده‌وری هه‌بوو له كارهاسانی بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران له راپه‌ڕینه‌كه‌یان بۆ رووخاندنی رژیم. ئیستاكانه‌ش فاكتۆره‌كانی پێكهێنانی هه‌لومه‌رجی له بار بۆ رووخاندنی رژیم، هه‌م هه‌بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه كه بتوانێ زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شاره گه‌وره‌كان بگرێته‌وه‌و هه‌م لاوازبوونی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته له‌رێگه‌ی تووند‌وتیژ بوونه‌وه‌ی گوشاره ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه. ساڵانی زۆری كاری رێكخستن‌و به ئاگاهێنانه‌وه، بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری پێشكه‌وتنخوازانه‌و بڕوا به‌خۆ له روسیه له سالی 1917 ئه‌و كات به‌رهه‌می دا و ده‌سه‌ڵاتی ئیستیبدادی تزاری رووخاند كه شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به ته‌واوی كز‌و لاواز كردبوو و هاتنی ژنانی زه‌حمه‌تكێش‌و تێكۆشه‌ر بۆ نێو شه‌قامه‌كان، بوو به تۆفانێكی گه‌وره‌و ده‌سه‌ڵاتی ئیمپڕاتووری به چۆك داهێنا. خه‌ڵكی ئارژانتین له ئاكامی شكستی ئابڕوبه‌رانه‌ی جۆنتاكانی ده‌سه‌ڵاتدار توانیان تامی سه‌ركه‌وتن بچێژن‌و بۆ هه‌میشه خۆیان له چنگ حكوومه‌تی نیزامییه‌كان رزگار كه‌ن.
له سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی لایه‌نی ده‌ره‌كی ئه‌و هاوكێشه‌یه، ئیمه‌و خه‌ڵك له كوردستان، كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆمان نییه به‌ڵام له سنوورێكی دیاریكراو ده‌توانین به قازانجی بزووتنه‌وه كه‌ڵكی خۆمانی لێوه‌رگرین، تا له سه‌ریه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و لایه‌نه پێویستانه وه‌ك مه‌رجێكی پێشه‌كی، نابێ بچینه مه‌یدانی شه‌ڕی ئاخره‌وه. چاوه‌ڕوانی ئێمه بۆ خوڵقاندنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه له باره (هه‌م لایه‌نی ده‌ره‌كییه‌كه‌ی و هه‌م ناوخۆییه‌كه)، چاوه‌ڕوانییه‌كی چالاكانه‌یه‌و پێویستی به پشوودرێژی و كاری ماندویی نه‌ناسانه هه‌یه. بزووتنه‌وه‌ی حه‌ق خوازانه‌ی خه‌ڵك، ئه‌مانه‌تێكی ئازیزه كه ده‌بێ به دڵسۆزییه‌وه بیگه‌یه‌نینه ئامانجی خۆی‌و نابێ گه‌مه‌ی پێبكه‌ین.
راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه پڕوپاگه‌نده‌ی بێناوه‌رۆكی كه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵه كه گۆیا رێبه‌ریی، سیاسه‌ت‌و هه‌ڵویستێكی چاوه‌ڕوانیی له هه‌مبه‌ر خه‌باتی خه‌ڵكی كورد بۆ رزگاری هه‌یه، زۆرتر له‌وه‌ی هه‌ڵویستێكی ره‌خنه‌گرانه‌و بیرلێكراوی جیددی بێت، پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی دێماگۆژی‌و ته‌بلیغاتی ئینتیخاباتی بوو كه له لایه‌ن زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كادر‌و ئه‌ندامان‌و پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك به‌ره‌وڕوو بۆوه. ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و ره‌خنه‌یان له كۆمه‌ڵه گرت، نوێنه‌رایه‌تی هه‌ڵوێستێكی ئازایانه‌و شۆڕشگێرانه ناكه‌ن. ئه‌وه هه‌ڵوێستی كه‌سی كه‌م جیكه‌ڵدانی پشووسوارێكه كه له لایه‌ك به كه‌وچكێك ئاو وه‌مه‌له ده‌كه‌وێ‌و له ئه‌گه‌ری تێكهه‌ڵچوونێكی نیزامی ئا‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵده‌خاته‌وه‌و له كاتی بڕێك هێور بوونه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌و دوور كه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری تووندوتیژی، ناهۆمێد ده‌بێ و پێشنیاری سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و به‌ڵێنی ئازادكردنی كوردستان له چیاكانی قه‌ندیله‌وه به زه‌ینه ساویلكه‌كان ده‌دا. باشتر نیه به‌و پێشنیاره له جیاتی باسێكی جیددی، هه‌ر به زه‌رده‌خه‌نه‌یك به‌ره‌وڕووی بینه‌وه؟
|